ئومێد خۆشناو؛ لەبارەی خۆپێشاندانەوە هۆشداری دەدات
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هۆشداری توند دەداتە ئەو کەس و لایەنانەی بانگەشەی خۆپیشاندانی نوێ دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان نەماوە و هێزە ئەمنییەکانیش دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.
پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا ڕوونکردنەوەی لەسەر گرژییەکانی هەفتەی ڕابردوو دا و ئاشکرای کرد، ئەو رووداوەی کرایە پاساوی خۆپیشاندانەکە، پەیوەندی بە خوێندنەوەی هۆنراوەیەکەوە هەبوو لەلایەن مێرمنداڵێکەوە لەکاتی گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان. ئاماژەی بەوەشدا کە “هۆنراوەکە هی مێرمنداڵەکە نەبووە و خۆی و خانەوادەکەشی کە موسڵمانن، چەندین جار داوای لێبووردنیان کردووە.”
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند، سەرەڕای داوای لێبووردنەکە، “کەسانێک دۆخەکەیان قۆستەوە و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە سەنتەری شار خۆپیشاندانیان کرد.” دووپاتیشی کردەوە کە بەپێی یاسا، هەر گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی کە باس لە ئەنجامدانەوەی خۆپیشاندان دەکەن لەلایەن چەند کەسێکی توندڕۆوە، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەولێر جەختی کردەوە: “هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە خۆپیشاندان بکەن، پۆلیس و ئاسایشمان دەستکراوە کردووە ئیجرائاتی توند بەرامبەر هەر کەسێک بکەن کە ئەو کارە ئەنجامبدات، چونکە بەبێ مۆڵەت ڕێگە بە هیچ خۆپیشاندانێک نادرێت لە هەولێر.”
