وتار و نوسین

یارییەکی مەترسیدار؛ کاتێک بەغدا بودجە بە “درۆنی گروپەکان” دەدات و داوای نەوتیش دەکات

نووسینی: شەهین حەکیم

ئێستا حکومەتی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە؛ لە لایەکەوە بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوتەکەی تەنگاو بووە و تاکە دەرچەی ڕزگاربوونی لە بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، سیناریۆیەکی دژبەیەک و تەمومژاوی
دەبینرێت کە جێگەی هەڵوێستەیە.

کۆمەڵێک گروپی چەکداری حەشدی شەعبی کە هیچ سیفەتێکی فەرمییان نییە، بەڵام بە ئاشکرا پارە، بودجە و چەک لە حکومەتی عێراق وەردەگرن، بوونەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سەقامگیری.

ئەم گروپانە شەوانە بە درۆن هێرش دەکەنە سەر شارەکانی هەرێم و بۆڕی نەوتەکە دەپێکێنن، کەچی حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێت بۆ کۆنترۆڵکردنیان. ئەم بێدەنگییەی بەغدا لە ئاست ئەم گروپە نایاساییانە، گومانێکی گەورە دەخاتە سەر نییەتەکانی بەرامبەر بە
هەرێمی کوردستان.

ناکرێت عێراق داوای ماف و بەکارهێنانی بۆڕیی نەوتی کوردستان بکات، لە کاتێکدا شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم زەوت دەکات و ڕێگە بۆ گروپە چەکدارەکان خۆش دەکات بێباکانە یاری بە ئاسایشی ناوچەکە بکەن.

تەنگاوبوونی ئێستای بەغدا دەریخست کە ناتوانێت بەبێ هەرێم هەنگاو بنێت، بەڵام دەبێت بزانێت کە دەوڵەتداری بە “چاوپۆشی لە گروپە نایاساییەکان” ناکرێت.

کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی عێراق لەبری تەماشاکار، ببێتە خاوەن بڕیار و کۆتایی بەو سەرکێشییانە بهێنێت کە بە پارەی دەوڵەت و دژی بەرژەوەندیی نیشتمانیی
هەرێم  ئەنجام دەدرێن.